لە ڕێگەى ٣٧ فڕۆکەى جەنگییەوە چین ئاسمانى تایوانى بەزاند

ناوەندى هەواڵەکان

وتەبێژى وەزارەتی بەرگری تایوان بڵاوى کردەوە، لە ماوەى شەش کاتژمێرى ڕابردوودا ٣٧ فڕۆکەی جەنگی چین ئاسمانى وڵاتەکەمانیان بەزاندووە، ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ مانۆڕى سەربازى هاوبەشى هەر یەکە لە وڵاتانى ئەمریکا، فلیپین و ژاپۆن لە سنورە ئاوییەکانى تایوان ئەنجامدرا.

سون لی فانگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تایوان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، لە ماوەى شەش کاتژمێرى ڕابردوودا ٣٧ فڕۆکەی جەنگی چین ئاسمانى وڵاتەکەمانیان بەزاندووە .

ئاماژەى بەوەشکردووە، سوپاى وڵاتەکەی بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و سەرجەم کەشتیە دەریاییەکان و سیستەمە موشەکیە وشکانیەکان خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

گرژییەکانى نێوان چین و تایوان  لەو کاتەوە دەستیپێکرد کاتێکدا مانگی ئابی ساڵى ڕابردوو نانسى پێلوسى، سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا سەردانى تایوانى کرد، دوای سەردانەکە چین ئەو هەنگاوەى بە پێشێلکردنى سەروەریى خاکەکەى زانى و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشداریى تووندیان دایە بەرپرسانى ئەمریکا لە دووبارەبوونەوەى هەر سەردانێک بۆ تایوان.

هەروەها، شەوى ٢٦ ى ئابى ساڵى ڕابردوو مارشا بلاکبێرن سیناتۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا وەک چوارەم کەسایەتى ئەمریکا سەردانى تایوانى کرد و ئەوەش هێندەى دیکە نیگەرانیەکانى وڵاتى چینى زیاد کرد.

هەر لە شەوى ٨ ى ئەیلولى ٢٠٢٢، شاندێکى کۆنگرێسى ئەمریکا، بە سەرۆکایەتى ستێفانی مۆرفی، بە سەردانێک گەشتنە وڵاتى تایوان و لەلایەن بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا و لە لێدوانێکیشدا مۆرفى ڕایگەیاند، سەردانەکەمان نیشانەى بەهێزى پەیوەندییەکانى کۆنگرێس و تایوان نیشان دەدات.

بەپێى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى بەرگرى تایوان، لە پاش سەردانەکەى نانسى پێلوسى بۆ وڵاتەکەیان، تا ئێستا کەشتى و فڕۆکە جەنگیەکانى چین، نزیکەى ٢٠ جار سنورە ئاوى و ئاسمانیەکانى ناوچەکەیان بەزاندووە.

جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ مانۆڕى سەربازى هاوبەشى هەر یەکە لە وڵاتانى ئەمریکا، فلیپین و ژاپۆن لە سنورە ئاوییەکانى تایوان ئەنجامدرا و ئەوەش نیگەرانى وڵاتى چین-ى بەدواى خۆیدا هێنا.

ئ.م

Comments are closed.